🔴هێلانەی بەتاڵ
🔷ئەوه سەخته که وا ناگاته گوێی کەس ناڵه ناڵی من
🔷بەهار هات و تەبیعەت حوکمی ئازادی مەلانی دا
🔷له ناو کونجی قەفەزدا دیاره چۆنه ئێسته حاڵی من
🔷له گوڵزارێ ورینگەی بلبلی سەرمەست و شەیدا دێ
🔷بەڵام نایه جریوێکیش له هێلانەی بەتاڵی من
🔷له سەر ناچێته دەر ساتێ خەیاڵی بسکی خاوی تۆ
🔷ئەگەرچی تێگەییشتم چاوەکەم! خاوه خەیاڵی من
🔶ئەرێ ئەی ئاسکی ناسک هەتا کەی دەستەمۆ نابی؟
🔶ئەرێ پیرۆزەکەی خۆشفەڕ هەتا کەی نایه ماڵی من؟
🔶گوتت: بۆت دێمه جێژوانێ، هەزار سوێندت به شاڵم خوارد
🔶له ئاهی ئاشقانەی من بترسه، نەک له شاڵی من
🔶کە ماڵت بێ، کەماڵت بۆ چییه لەو شاره وێرانه؟
🔶که ماڵی دەوڵەمەندی دی، گوڵم نەیویست کەماڵی من
🔶ئەگەر دەیزانی مانای خۆشەویستی ئەم کچه کورده
🔶به سەد یاقووت و گەوهەر نەیدەدا فرمێسکی ئاڵی من
🔶ڕەش و تار و درێژ و پڕ له ئازار و خەم و دەرده
🔶بەڵێ شەوگاری دووری بوو سەراسەر ژینی تاڵی من
✍مامۆستا هێمن