☘🍀دوا هەنیسکی خاکەلێوە🍀☘بۆ ڕۆحە سەوز و شێعراوییەکەی مامۆستا هێمن
دوا هەنیسکی خاکەلێوە دەستەمۆی کۆچ کردنە
هەگبەیەک باڵی هەناسەی پێیە، پێم هی هێمنە
ڕادەبوورێ و خاک و ئاو و با لەگەڵ خۆیا دەبا
شۆڕە پێشەنگی پەریی شێعری پەڕەی دڵ کون کونە
بۆتە تابووتی هەزاران عەشق و بریا و پێکەنین
ئەو دڵەی دەیگوت: بە بەژنی زەرد و ما دا هەڵزنە
زۆر لە مێژە کوێر کراوە لێرە بیبیلەی ترێ
چاوی هەوری مەی نەزۆکە، وەرزی شادی کوشتنە
ویشکەساڵیی بادە ڕۆحی ئەم هەرێمەی هەڵکزاند
ساقی چڕژاوە دڵی، یان سنگی پەیمانە کونە؟!
لەم وڵاتە زەردەبا ڕۆحی ئەوینی ڕاڕفاند
چاوی شێعر و ڕوومەتی ڕوانین لە دووکەڵدا ونە
شەرحی فرمێسک و خەم و سووتان و زام و گیانکەنشت
ڕێژنە فرمێسکی قەڵەم بۆ ناخی زەریای بێ بنە
چاوی شین و بسکی زەرد و چیمەن و خوێن تێکەڵن
کۆلکەزێڕینەی هەوای شێعری بەهارینەی منە
حەڤدە وەرزی سەوز و زەرد و ئەرخەوانی تێپەڕین
چاوی بێستانی وڵات هەر چاوەنۆڕی شەوڕنە
پاکی ڕەشپۆشن لە تاوی کۆچی خۆری هەستی ئەو
زەردەپەڕ، کاروانکوژە، باخ و چیا و چۆم و زنە
هەوری خەم گرتوویەتی ئاسمانی ساماڵی غەزەل
دێڕ بە دێڕ، واژە بە واژە، پیت بە پیت خەم ئاژنە
شادی بۆ دەرمان لە سەر سفرەی دڵێک دەس ناکەوێ
شین گوڕەی دێ، خەم گڕەی دێ، جێژنی ژین سووتاندنە
بوونە پۆیلانەی هەناسەی بووک و زاوای پێکەنین
خەردەل و سیانید لە سەر ئەم خاکە ئەنجن ئەنجنە
هەڵبزرکاون لە سەر لێو، باڵی سەوزی گوڵبزە
هەڵدەچۆقێن زەردە، بەو لێمشتی قاڵی ئاسنە
شاخ بریندار و هەناسە سواری گوللە و دووکەڵە
بۆیە کانیاوی بناری بێ گلێنە و قرخنە
کاسە سەر بۆشن، بە سەر پشتی شەپۆلی خوێنەوە
ڕەخس ئەکێشن، چۆپی دەگرن، بەزمی ئاوەز ناشتنە
زار لە واژەی خۆ وەڕەز بوون، چاو لە دیتن، لێو لە ماچ
دڵ لە عەشق و ماڵ لە پڕشنگی دەلاقە و ڕۆچنە
هەڵوەریون ئاوەز و مێشک و زمان پێ پەست بوون
وا ڕەپێچەکیان دەدا ئەم گێژەڵووکە و باڕنە
کەس نییە گوێ داتە زیڕەی لاسک و قیژەی گوڵووک
لێڕەواری ڕۆح دەسووتێ، بۆتە گڕ کەزیەی شنە
ئەو مناڵەی پێکەنینیان کوشت لە سەر خونچەی دەمی
ئارەزووی جارێکی تر بۆنی مەمک هەڵمژتنە
دوا نیگای سووکی لە سەر بووکۆکەکەی جێ هێشتووە
ڕۆحی بابردووشی هەڵقرچاوی کڵپەی مردنە
چاوی بۆ ئاسمان دەنارد، بچنێ گوڵی ئەستێرە بۆی
تاکوو بیهۆنێتەوە ملوانکەیەک بۆو گەردنە
باوەشی گۆڕیچەیە بۆ گوڵبزەی مردوو بەهار
لێرە سەر تا پای لە هەش ناوە شلێرە و سوێسنە
ئەو خەڵووزەی خۆی لە نێو چاوم دەساوی پێی گوتم:
خەم مەخۆ، ئاسۆگی دووری تاسەکانت ڕۆشنە
جوانە مەرگی کرد ئەوی ئاواتی هەمبوو، نایە چاڵ
ئێستە بۆ ئامێزی دێزی مردنێ دەمدا دنە
هێمنی داگرتووە ئەمشۆ خەوێکی ؛قورس و کڕ
کیژە کورد! دایبچڵەکێنن دا بە خرمەی بازنە
بەڵکوو بدڕێ کفن و گۆڕی هەڵتەکێنێ، پێی بڵێن:
ڕاپەڕە، بڕوانە ڕۆژی سەربەخۆ بوونی ژنە
کیژی شاری، پەرچەمی تاڤگەی چیای باڵایەتی
کیژی لادێش بێزی هەڵدەستێ لە هەرچی شەرمنە
پاکی وریا و چاوکراوەن، فێرە زانینن کچان
بوون شەوارەی تیشکی زانینیان، ئەوی دڵ چڵکنە
ڕاپەڕە ئەی پیری زانا! ئەی هەژیر و قارەمان!
کورد لە خەو هەستێنە ئێستا کەنگێ کاتی خەوتنە
هەستە ڕێژنەی ڕۆندکی شێعرت بە خوڕ داڕێژەوە
بشڵەقێنە گۆمی ئەم شەوگارە لێڵ و لیخنە
ئەی خودای شێعری تەڕ و هیوا و هومێدی عاشقان!
بێرەوە! بێ تۆ گەلم ئاسۆی ئەوینی لێ ونە