هه ژار و دین داری
بابم زۆر موسڵمانـێکی بـەڕاسـتی بوو،ئـەوانـەی دەیانناسـی بـە وەلـی و پێـشەوای خۆیان دەزانـی.
هـەر زۆر لە منـداڵیمەوە،لە تەمەنـی پـێنج ساڵیمەۆە فـێری نوێژی جەماعەتـی کردبووم.
لەبیـرمـە جارێـک زۆر گریام چونکە جـەماعەتی نوێـژی سبەینم فەوتاوە.
هەر لەمنداڵـی زۆر کاڵەوە ڕۆژووی ڕەمـەزانم بەتەواوی گـرتووە.
لە مەجلیـسی بابمدا باس،هەر باسـی دیـنداری و پارێزگاری بوو.
زۆرجار دەتبیست کە فڵانەکەس زۆر دیـندارە و فیسارەکەس دیـنی کەمە.زۆرم بیـر لە دین دەکردەوە کە دەبێ چ بێ، ئاخری حەلم کـرد.
گرێی ئەستۆم بە دین زانی.منیش لە ناو منداڵانا کە پیاوێکم دەدیت گرێی بەر ئەستۆی زلە دەمکوت ئەو پـیاوە زۆر بە دیـنە!ئەگەر گرێی ئەستۆی زۆر زەق نەبوایە دەمکوت دینی لاوازە.چونکە کوڕە مەلا بووم منداڵان باوەڕیان پێدەکردم و ئەوانیش دیندار و بێ دینیان دەناسی.بۆ خۆشم دەستم لە گرێی ملـی خۆم دەدا بەداخەوە زۆر بچووک بوو.
دەمگوت با گـەورە بـم ئەمنیـش دێمە ڕێـزی دیـنداران.تا نەکەوتمە ناو فەقێیان و زۆریان لەگەڵ نەژیابووم،دیـندارییەکەم هەروا گـەرم و گوڕ بوو،بەڵام دەڵـێن"گایەک لە پاڵ گایەکدا بـێ ئەگەر ڕەنگـی نەگـرێ خووی دەگـرێ"
لەم بارەوە هاتمە ڕێزی فەقێـیان و لە نوێژی سبەینە چوون نەدەگـریام.
بەڵام خودا و پێغەمبـەر ناسین و عاقیدە بە شـێخی بورهانم وەک خۆی ما.
هەرچەند خۆم بە مەنسووبـی شـێخی بورهان دەزانـی ،دەگـەڵ ماڵ سەیدی زەنبیلیش ئاشناییەتی زۆر گـەرم و گـوڕم هەبـوو.
شێخ مەحەممەدی خانەقا وەک کوڕێکـی خۆی دادەنام و لەقـەبـی جووجەڵـەی دابوومێ.
سەیـد محەممەدی زەنبیلیش زۆری خۆش دەویسـتم.هەتا بچووبایمە زەنبـیل دەیبردمەوە ژووری ماڵ و ئەوپـەڕی لوتـفی لە گەڵم هـەبوو.
واتا لە هەردوک بـەری جۆگـە دەلـەوەڕام.
ئـەگـەرچـی لە دواییدا نوێژیشم دەچوون و زۆرجاران هـەر تـەرکـم دەکـردن، بـەڵام ڕۆژووگـرتنم تا تووشـی نەخۆشـی سـیل بوونم لە بەغـدا دەسـت لـێ بەرنەدابوو.
وەرگیـراو لە چێـشتی مجیور