🔷بەهار بوو فەسڵی زستانم، ئەگەر یارم لەگەڵ بایە

🔷درۆیە گەر گوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە

🔷لە بارانێ مەپرسە تا هەور بگرێ بەری ڕۆژێ
🔷دەبێ بگریم هەتا ڕووی تۆ لە ژێر چارشێوی ڕەش دایە

🔷هەناسەم لادەدا چارشێو و ڕووبەندی ڕەشت ئاخر
🔷هەور هەرچەندە پڕ بێ کوا حەریفی قودرەتی بایە؟

🔷لە ژێر سایەی برۆکەتدا حوکمڕانی دەکا چاوت
🔷لە سایەی دووخی شمشێرە کە حاکم حوکمی ئیجرایە

🔷لەسەر بەفرێ بەکار نایە وەکوو بیستوومە داوی ڕەش
🔷لەسەر کوڵمەت ئەدی بۆ دڵگرە ئەو بسکە تاتایە؟

🔷هونەر ناتوانێ جوانی تۆ بە هیچ شێوێکی بنوێنێ
🔷لە مەڕ_مەڕ چۆن دەتاشرێ هەیکەلی ئەم بەژن و باڵایە؟

🔶بە ڕیشی بۆزەوە سوجدەی دەبەم من بۆ جەماڵی تۆ
🔶ئەدی بۆچی دەیانگوت دار کە پیر بوو تازە دانایە؟

🔶بزەت نایێتە سەر لێو و بەزەت نایە بە حاڵمدا
🔶ئەگەرچی زۆر لەمێژ ساڵە لەدووت دەخشێم وەکوو سایە

🔶دەزانی بۆچی من هێندە پەرێشان و خەفەت بارم
🔶لە بازاڕی ژیان غەیری هونەر نیمە چ سەرمایە

🔶بە تووتووش تووشی مەکتەب بۆ دەهاتم من کە زانیبام
🔶خەفەت، مەینەت، کەسەر، حەسرەت، بەشی ئینسانی زانایە

🔶لەگەڵ چارەڕەشی و دوورەبەشی و نەگبەت دەبێ هەڵکەم
🔶لەمێژە چارەنووسی شاعیرانی کوردی هەر وایە


✍مامۆستا هێمن