🔴بەشێک لە سازی ناساز

 

🔷دەفتەری شێعری شاعیری ڕووتم
🔷شەمی سەر گۆڕ و داری تابووتم

🔶کونی گیراوی کۆنە شمشاڵم
🔶خەونی ئاڵۆز و خاتیرەی تاڵم

🔷ژیلەمۆی ئاگری بەیانانم
🔷باوکی فرمێسکم و کوڕی ژانم

🔶باڵە سووتاوەکانی پەروانەم
🔶شووشە بادەی بەتاڵی مەیخانەم

🔷چڵە ڕێحانی دوورە دێراوم
🔷سازی ناسازی هەڵپەسێراوم

🔶تکە ئاونگی سەر گەڵای زەردم
🔶خەستە و دەردەداری چی دەردم

🔷ئاخرین تیشکی خۆری پاییزم
🔷شاعیری پیری تووڕە و زیزم

🔶چۆن دەتوانم بە تۆ بڵێم من چیم؟!
🔶خۆم گومانم هەیە کە هەم یا نیم!


✍مامۆستا هێمن

ڕاکە مەدرەسە

دەرکە بشکێنە، پەچە بدڕێنە، ڕاکە مەدرەسە
چاری دەردی کوردەواری خوێندنە، هەر خوێندنە

دایکـی زانایە کوڕی ئازا دەنێرێتە خەبات
من گوتـم، تۆش تێبگە: "ناگاتە دەریایە زنە"

گوارەکەی زێڕت بە کار نایە، لە گوێ بـگرە قسەم
لایقی گوێی تۆ عەزیزم شێعری سادەی هێمنە

مامۆستا هێمن

🔴چارەنووسی شاعیر

🔷بەهار بوو فەسڵی زستانم، ئەگەر یارم لەگەڵ بایە

🔷درۆیە گەر گوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە

🔷لە بارانێ مەپرسە تا هەور بگرێ بەری ڕۆژێ
🔷دەبێ بگریم هەتا ڕووی تۆ لە ژێر چارشێوی ڕەش دایە

🔷هەناسەم لادەدا چارشێو و ڕووبەندی ڕەشت ئاخر
🔷هەور هەرچەندە پڕ بێ کوا حەریفی قودرەتی بایە؟

🔷لە ژێر سایەی برۆکەتدا حوکمڕانی دەکا چاوت
🔷لە سایەی دووخی شمشێرە کە حاکم حوکمی ئیجرایە

🔷لەسەر بەفرێ بەکار نایە وەکوو بیستوومە داوی ڕەش
🔷لەسەر کوڵمەت ئەدی بۆ دڵگرە ئەو بسکە تاتایە؟

🔷هونەر ناتوانێ جوانی تۆ بە هیچ شێوێکی بنوێنێ
🔷لە مەڕ_مەڕ چۆن دەتاشرێ هەیکەلی ئەم بەژن و باڵایە؟

🔶بە ڕیشی بۆزەوە سوجدەی دەبەم من بۆ جەماڵی تۆ
🔶ئەدی بۆچی دەیانگوت دار کە پیر بوو تازە دانایە؟

🔶بزەت نایێتە سەر لێو و بەزەت نایە بە حاڵمدا
🔶ئەگەرچی زۆر لەمێژ ساڵە لەدووت دەخشێم وەکوو سایە

🔶دەزانی بۆچی من هێندە پەرێشان و خەفەت بارم
🔶لە بازاڕی ژیان غەیری هونەر نیمە چ سەرمایە

🔶بە تووتووش تووشی مەکتەب بۆ دەهاتم من کە زانیبام
🔶خەفەت، مەینەت، کەسەر، حەسرەت، بەشی ئینسانی زانایە

🔶لەگەڵ چارەڕەشی و دوورەبەشی و نەگبەت دەبێ هەڵکەم
🔶لەمێژە چارەنووسی شاعیرانی کوردی هەر وایە


✍مامۆستا هێمن

🔴بەرەو ئاسۆ

🔴بەرەو ئاسۆ

💠سۆفیی گۆشه‌ێ خانه‌قا بووم، ئێسته‌ پیری مه‌یکه‌ده‌م
💠زاهیدی خه‌ڵوه‌ت نشین بووم، ئێسته‌ مه‌ست و مه‌یزه‌ده‌م

💠سه‌روی ئازادیش له‌بار و دڵکه‌ش و به‌رزه‌ ، به‌ڵام
💠گیانه‌که‌م ! من شێت و شه‌یدای لار و له‌نجه‌ی ئه‌م قه‌ده‌م

💠جیلوه‌یی جوانی له‌ هه‌رچی دا هه‌بێ خۆشم ده‌وێ
💠ڕۆژێ کوشته‌ی مینی ژۆپ و ڕۆژێ گیرۆده‌ی شه‌ده‌م

💠هه‌ر یه‌که‌ی بۆ خۆی ده‌جووڵێنێته‌وه‌ هه‌ستی ده‌روون
💠زه‌رده‌په‌ڕ، کاروانکوژه‌، تاریک و ڕوونی سوبحده‌م


💠ئاسمانی ساو و ده‌ریای مه‌ند و تارمایی چیا
💠سێوی لاسوور و به‌هێی زه‌رد و هه‌ناری گوڵ به‌ ده‌م

💠کێ وه‌کوو من سارد و گه‌رمی ڕۆژگاری چێشتووه‌ ؟
💠گا له‌ ده‌شتی گه‌رمه‌سێر و گا له‌ کوێستانی گه‌ده‌م !

💠وه‌ک شه‌پۆلی زێی خوڕه‌م ساتێ هه‌دادانم نییه‌
💠گێژ ده‌خۆم، پێچی ده‌ده‌م، من ڕۆڵه‌ کورده‌ی ئه‌م سه‌ده‌م

💠ڕێگه‌ سه‌خت و پڕ له‌ که‌ند و له‌ند و هه‌ڵدێر و گه‌وه‌
💠هه‌ر ده‌بێ ببزووم، ده‌بێ بکشێم، وچانی لێ نه‌ده‌م

💠سێبه‌ری مه‌رگم له‌ پێشدایه‌ و به‌ره‌و مه‌نزڵ ده‌ڕۆم
💠ناخی گۆڕی ته‌نگه‌ جێگام، هه‌ر تل ئاسا بێ قه‌ده‌م

💠من به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ڕووناکی باڵم گرتووه‌
💠چۆن به‌ره‌و تاریکی ده‌خشێم، پاڵ وه‌ شه‌یتانێ دەدەم

💠کانیی ڕوونم دی بە لێشاوی بەهار شلوێ نەبوو
💠بەفری گەورەم دی چیای گرت و بە تاوێ بۆە قەدەم

💠ژینی کورتم دی پڕاوپڕ بوو لە شانازی و شەرەف
💠عومری زۆرم دی کە دوایی هات بە ڕیسوایی و نەدەم

💠ئاگری سینەم بڵێسەی دێ و وڵات ڕۆشن دەکا
💠ئەو دەمەی خۆم وەک دڵۆپێک دەچمە نێو دەریای عەدەم


✍مامۆستا هێمن