کۆچی کوردان
ڕۆژ به باری قورس و برسی، شەو لەبەر بارانەوه
نیشتمانی خۆمه دەیپێوم، مەڵێن ئاوارەیه
گەرچی بێ ڕەشماڵ و پێخواسم له کۆسارانەوه
ڕێگه دووره و خێڵی ماندوو لێو بەبار و پێ پەتی
چاو به ئەسرین دێنه پیری کۆچەکەی یارانەوه
نایه سۆزی دەنگی گۆرانی، هەواره و کۆچی سوور
کاروان گوێی داوەته ناڵەی بریندارانەوه
بۆ مناڵێ تەرمی دایکی خۆی به جێ دێڵێ و دەچێ
ئاسمان دەگری، مەلان دەگرین به سەر دارانەوه
دەنگی تیر و تۆپی دوژمن دێ له شوێنی کۆچەوه
جێ هەواران وا به دەستی سووری زۆردارانەوه
مامۆستا شەریف"
نا، من هەرگیز،
باوەڕم نەبوو به شەو
چون له ئەوپەڕی ڕێڕەویدا،
دڵگەرم بووم
به هەبوونی دەلاقەیەک ...
شکۆیەک له ناخمدا،
هەڵدەگەڕێ...
وەک ئەوەیه،
له پاراوترین هەوای کوێستان
لێوالێو،
پیاڵەیەکم نۆش کردووه
له هەلی ناو ئەستێرەکان
بڵیند هەنگاو
سەمایەک دەکەم، شێتانه،
وەره سەیرم ...
•
"ئەحمەد شاملوو، وەرگێڕ: مەسعوود تەهازاده"
ئەگەر بەیانییەک،
لەخەو هەستین و زوبانم لاڵ،
ڕەنگی سوور نەمابێ
چی ڕووئەدا؟
قاڵیەکەم جوانە یان نا؟
کراسە سوورەکەم چۆن بدۆزمەوە؟
کاتی مەی خواردنەوەی سەر لە بەیانی
سەر گۆنام چی بە سەری دێ؟
چ خەمگین، چ تەنیا دەبێ ئەم دنیایە
سەوزایی باغچە
دەستی بەتاڵی کوڕی خان
هەوری ئاسۆی خۆرنشین
ئاوی هەنار، شووتی، شەربەتی بڵاڵووک
ئەگەر ڕەنگی سوور تەواو بێ،
تینوویەتی سەربازە شەڕخوازەکان،
کام ڕەنگ پاراوی ئەکا؟
کودەتاکان چ مانایەکیان دەبێ؟
دیواری ئیعدام،
خوایە دیواری ئیعدام چۆن بدۆزینەوە؟
چ تەنیایە ئەم دنیایە
تارای بووک، خوانچەی سەر لە سەفەر
دڵەڕەبای نێو بازنەی عاقێق
ئەگەر ڕۆژێ ڕەنگی سوور تەواو بێ،
چی ڕوو ئەدا؟
ئەگەر هەموو ڕەنگەکان تەواوبن
چ بکەین؟
چۆن بژین؟
بۆ بژین؟
"جەمیل سامانی"
تۆ لەگەڵ شەودا هاتبوویت،
به کلیلێک، دەرگاکەمت کردبۆوه
به چرایەک، ژوورت ڕووناک کردبۆوه
به گوڵاوێک، جێگەمت بۆنخۆش کردبوو
بەڵام ئاخر، ئەو کلیله،
دەرگای هەستی نەکردمەوه
ئەو چرایه، خەمی ڕووناک نەکردمەوه
ئەو گوڵاوه، بێزاریی بۆنخۆش نەکردم
هێشتا هەر له ڕووحما شەوه و
هێشتا هەر ڕۆژ نەبۆتەوه ...
"شێرکۆ بێکەس"
من تاریکم وەک شەوەزەنگ
تۆگیانی، تیشکی، ڕووناکیی
من ڕووبارم،
نائارام، پڕ لە خرۆش
تۆ وەک دەریا
مەنگ و خامۆش و سامناکی
لە دەوزەخی عیشقی خۆتا،
بمسووتێنه ...
من جەننەتی چاوی تۆ،
بەبەهەشتی خوا ناگۆڕمەوە
ڕووحی یاخیم دەستەمۆ کە
بەچەواشەی هەڵدێر نەبم
تۆ تەوەرەی جەغزی ژینی
من هەر بە دەوری عیشقی تۆدا دەخولێمەوە ...
ئەمە دوایین جارە دەژیم
من خدر نیم
تاوێ،
تەنیا تاوێ لە لات دادەنیشم
ماڵت ئاوا، من ڕەوتەنیم ...
"جەلال مەلەکشا"