شێرکۆ هەستی کردبوو کە لەمە زیاتر بێدەنگی بەلای چرۆوە مانایەکی باشی نابێ، چوونکە چوار جار دیبووی کە چرۆ چاو ئەبڕێتە چاوی و باری دانیشتنی ئەگۆڕێ و ئەڵێ لەم بێدەنگ دانیشتنە وەڕەز بووە. شێرکۆ گوتی: چرۆ و ئەو وەڵامی داوە: بەڵێ؟
-(من و تۆ خەریکین دەست ئەدەینە گەورەترین کاری ژیانمان)
چرۆ لە دەمی وەرگرتەوە: نا گەورەترین کار نییە، بەڵام گەورەیە. یانی زۆر کار هەیە لە بەختەوەری من و تۆ.
- کە وەهایە تۆ قەبووڵتە کە ئەم کارە بەختەوەری من و تۆی تێدایە؟
چرۆ بە چاوێکی پڕسکاڵاوە سەیری شێرکۆی کرد و گوتی:تۆ لات وا نییە من کچێکی ساکارم و تێناگەم ئەوین یانی چی، ئەگەر لات وابێ هەم بێ ئینسافی هەم بە هەڵە چووی.
شێرکۆ لە تاسانی سەرەتای قسەکردن ڕزگاری هاتبوو و ئەیتوانی بەزەردەی پیاوانە و ڕوانینی گەرم هەستی خۆی دەربڕێ.
لەدەرەوە بایەکی بە تەزووی پاییزی لەدرزی دەرگا و پەنجەرەکانەوە خۆی بە ژوورێدا ئەکرد و پەردەی ناو هۆدەکەی ئەلەراندەوە. ئەتگوت بێچووە پشیلەیەکی بزۆر خەریکی کایەکردنە بە پەردەکە.
شێرکۆ گوتی: تۆ ڕازی؟
چرۆ تەنیا بزەیەک گرتی و سەری دانواند.
شێرکۆ گوتی: بیری لێ بکەوە. ماڵێکی خۆش و خنجیلانە. کوڕ و کچی جوان.
چرۆ لە بەرخۆیەوە گوتی: ئاواتەکانت جوانن، بەڵام شکۆدار نین.تەنیا بۆ خۆم و خۆتە ...
شێرکۆ بە سەرلێشێواوی پرسی:دەیجا، وه نەیتوانی قسەکەی تەواو بکا، چون نەیدەزانی چرۆ مەبەستی چییە.
چرۆ ئەوی لەم سەرسامییە ڕزگارکرد: بەختەوەری کاتێ تەواوە کە بۆ هەموو کەس بێ. بەچاوی گەش و کوڵمی سوور و لێوی بە پێکەنینەوە بژین. کاتێ فرمێسک لە سەر گوێسەوانی هەزارچاو سەما ئەکا و کوڵمی مناڵی دەردەدار وەک بەهێی زەرد وەهایە و لێوی بەباری هەژاران بەختەوەری تاکی من وتۆ ئەکاتە گەپجار! چۆن بێ دەربەست و سەرخۆش بەلای هەزاران کەمایەتیدا تێپەڕین لە کاتێکدا لە دەسمان بەرنایە کارێکیان بۆ بکەین و نەمانکردوە؟
شێڕکۆ لە ژێر لێوەوە گوتی ئەمەیە ڕازی مانەوەی ئادەمیزاد و بەرزتر گوتی: زەکاتی بەختەوەری دەسگیرۆیی هەژارانە. من و تۆش لەم سامانە خوداداوە زەکاتی ئاتاجان ئەدەین. ئەگەر بەختەوەر بین بەهێزترین بۆ یارمەتی خەڵک.
چرۆ بە پێکەنینەوە گوتی: پێویست ناکا ئێمەش وەها بین، ئەگەر ئادەمیزاد هەر لەسەر باری پێشووی بڕوا پێشکەوت مانای نابێت، چ دەبێ من و تۆ یەکەم ڕێبواری ئەم ڕێگایه بین؟
چرۆ دەنگی نەکرد، بەڵام وەک ئەوە ئەچوو بڵێ:
با وابێ...

"تاپۆ و بوومەلێڵ، سوارە ئیلخانیزادە"