بەڵام بەڕاستی چۆن توانیم بڵەم: ئەم هەمووە کارە بێ کەڵکن و چتۆ توانیم بێژم: لەدایکبوون و مردن بە کەڵکی چی دێن؟
بە کەڵکی ئەوە دێن: بەرلەوەیکە دار یاخود ماسی بین، مرۆڤ بین. بە کەڵکی وەی دێن کە بە دوای دادگەری ( عەداڵەت)دا بگەڕێین، چونکوو دادگەری بوونی هەیە و ئەگەر بوونی نەبێ ئێمە دەبێ پێکی بێنین. کەوابوو ئەوەیکە گرینگە و جێگای سەرنجە مردن نییە، بەڵکوو مردن بە شێوەیەکی دروستە؛ و ئێستا ئەمن خەریکم بەشێوەیەکی دروست دەمرم. بێ گومان هەروایە.
بێ گومان هاووڵاتییەکی ویتکینگیش بە دیتنی فڕۆکەیەکی کە لێی نزیک بۆتەوە و ویستوویەتی بۆمبابارانی بکات، بیری لەم شتە کردۆتەوە. چاو لێکە، خەریکە دێ، خەریکە نەویتر دەبێ، ئەدی ئەگە ئێستا دەستمان بۆ لای خودا بەرز بکەینەوە چی؟
بێدەنگ بە بزانم، خودا! خوای چی؟ ئەوە ئێمەین خودامان ئافراندووە، خوا بوونی نییە. ئەگە بوونی دەبوو و ئێمەی لە خۆی دەزانی هیچکات ڕێگەی بەم کوشت و کوشتار و خوێن ڕشتنە نەدەدا. ئەگە بوونی هەبا، هیچکات نەیدەهێشت ئەو کوڕەبچکۆڵەی بڵووزێکی سپی ڕەنگی دەبەر دابوو، کوڕە موو کاڵەکە، ژنەکەی ناو بینای ژمارە ۳۰٦، ئۆبێڕتۆ و ئەو مناڵەی ئۆبێڕتۆی هەرا دەکرد بمرن.


"شەڕ، ژیان و ئیتر هیچ، ئووریانا فالاچی


وەرگێڕ: جەلال مەحموودزادە"